لە دووایى هەڵبژاردنەکانى ئەم دوواییەى تورکیا ، حکومەت هەلێکى لەبارى بۆ چارەسەرى پرسى کورد ڕەخساندووە سەرەڕاى هەندێ ناتەواویش لەسیاسەت و فەلسەفەى کرانەوەکە بەڕوى مافە ڕەواکانى گەلى کورد ، بەڵام هەنگاوێکى گرنگ بوو لەڕوى مێژوویى و سیاسى ى و سایکۆلۆجى ، دەکرێ بە دەستکەوت بژمێردرێ ، هەرچەند ئەم کرانەوەیەش لە چوارچێوەى کرانەوەى گشتی یە و تورکیا دەیەوێ کارى بۆ بکات و جارێکى تر ڕۆڵى ووڵاتەکەى لەسەر گۆڕەپانى نێودەوڵەتى دیاربێت...
ئەوەى پێچەوانەى گەشبینى و پێشهات و ئەگەر و ویستەکان بوو ، دەرچوونى ئەو بڕیارەى دادگاى دەستوورى تورکیایە کە مستەکۆڵەیەکى توندى لەم هەنگاوانەى حکومەت دا ، داخستنى (D.T.P) ئەمە دەسەلمێنێ کە دژایەتیەکى بەهێز لە ئارادایە دژى ئیرادەى گەلەکەمان لە باکور و ڕووداوێکى چاوەڕوان نەکراو بوو بۆ ڕاى گشتى لە ناوەوە و دەرەوەى تورکیا ، لە ڕاستى دا گەڕانەوەیەکیشە بۆ پەیڕەو کردنى نەریتى کۆنینەى شۆڤێنستى دەیان ساڵەى لەمەوبەر لە بڕى پەرەپێدان بە دێموکراسى و سەقام گیرى ئاشتى.
یەکێتى پەرلەمانتارانى کوردستان داخستنى (D.T.P) بەزیانێکى کوشندە و مەترسیدار پێناسە دەکات لە خودى پرۆسەى کرانەوەکە و ئاشتى و دێموکراسى ، هەموو ئەو هەوڵ و تەقەللایانەش بە فیرۆ دەبات کە هەندێ لایەن دەیان ویست تورکیا بەرەو قۆناغى شایستە و گرنگ بگوازنەوە ، لەمەشدا تورکیا زەرەرمەندى یەکەم دەبێت ئەگەر هەروا لێبگەرێن سیاسەتى دۆڕاو و شکست خواردوو باڵ بەسەر ئەم ووڵاتە دا بکێشێت .
سەرەڕاى شەرمەزار کردنى بڕیارى داخستنى پارتى کۆمەڵگەى مەدەنى داوا لە ڕاى گشتى تورکیاو ئەوروپاو پەرلەمانەکانى جیهانیش دەکەین هەروا لێ نەگەرێن ئەم بڕیارە بە ئاسانى بخرێتە بوارى جێ بە جێ کردنەوە ، چاوەڕوان دەکرێ گەلەکەشمان لە کوردستانى گەورە ڕوو بە ڕووى بەرپرسیاریەتى مەزن ببێتەوە بەوەى ڕێگاى دیالۆگ و ئاشتى بگرێتە بەر بۆ پشتگیرى تەواوى خۆى لە (D.T.P) و هەردوو پەرلەمانتارى ئەو پارتە و گەلەکەمان لە باکور و وەرگرتنى هەڵوێستى دروست و کاریگەر لە بەرامبەر ستەمى دادوەرى لە تورکیا.
یەکێتى پەرلەمانتارانى کوردستان