به‌نێوی خودای گه‌وره و به‌خشنده
به‌بۆنه‌ی 64ه‌مین ساڵرۆژی دووی رێبه‌ندان و دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له مه‌هاباد به سه‌رۆکایه‌تی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌دی نه‌مر، پیرۆزبایی گه‌رمی خۆم پێشکه‌ش ده‌که‌م به سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستان و به‌تایبه‌تی به حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.کورد له‌هه‌ر شوێنێک بووبێت چ له کوردستان و چ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، کۆماری کوردستان به شانازییه‌کی گه‌وره و یادگارێکی مێژوویی به‌رجه‌سته‌ی زانیوه‌و هه‌میشه رێزی لێگرتووه. نه‌ک هه‌ر کورد به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت چاودێرانی سیاسی له ئاستی جیهانیشدا ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن که کۆماری کوردستان سه‌ره‌رای ته‌مه‌نی کورتی که نه‌گه‌یشته یه‌کساڵ، به کار‌و به‌رنامه‌و هه‌ڵسووڕانی خۆی شوێنه‌وارێکی زۆر گرینگی له مێژووی گه‌لی کورددا به‌جێهێشتووه.رێبه‌رایه‌تی دڵسۆزانه‌و زانایانه‌ی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د هاوکات له‌گه‌ڵ فیداکاری زۆر و قوربانیدانی به‌رێوه‌به‌رانی دیکه‌ی کۆمار و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان بووه هۆی پێشکه‌وتنی به‌رچاو له بواری فه‌رهه‌نگی، سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی له کوردستان و بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌یامی ئازادیخوازی و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیخوازانه.
ئه‌مساڵ له کاتێکدا رێزله دووی رێبه‌ندان ده‌گرین که کۆماری ئیسلامی ئێران له هه‌ل‌ومه‌رجێکی به‌ته‌واوی جیاوازدایه‌و بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری گه‌لانی ئێران هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووری و ئیداری ئه‌م رژیمه‌ی خستووه‌ته له‌رزه. جێگای خۆیه‌تی که له‌ساڵڕۆژی دووی رێبه‌ندان و له وه‌ها هه‌ل‌ومه‌جێکی تایبه‌تدا به‌وریایی و وردبینییه‌کی زیاتره‌وه سه‌رنجی رووداوه‌کان بده‌ین و هه‌نگاوه‌کانمان زیاتر ره‌نگی دووربینی و به‌ده‌ربه‌ستبوون و هاوفکری له‌گه‌ڵ لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی ناو بزووتنه‌وه‌ی کوردستانی پێوه دیاربێت. هیوادارم به دانانی به‌رنامه‌ی ژیرانه‌و به ره‌چاوکردنی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌لی کورد له‌م کاته هه‌ستیاره‌ی ئێستادا کارێکی وابکه‌ین که یادی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و هه‌موو ئه‌وانه‌ی گیانی خۆیان له پێناوی سه‌رکه‌وتنی میلله‌تی کورددا به‌خت‌کردووه، وه‌ک هه‌میشه زیندووبێت و رێزیان لێبگیرێت.هه‌زاران دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی پێشه‌وای نه‌مر و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد. له‌خودای گه‌وره داواکارم رۆحیان به به‌هه‌شت شادبکات.
شێخ عێزه‌ددینی حوسه‌ینی
دووی رێبه‌ندانی ساڵی 1388 / 2010